كرده‌وه سه‌ربازییه‌كه‌ی 1995و رۆڵی كورد تیایدا
جه‌نگی عێراق هه‌ڵگیرسا، ئه‌مه‌ریكا هێرشی كرده سه‌ر ئه‌و وڵاته‌و رژێمی سه‌دامی رووخاند‌و دواتر به‌دوای چه‌كی كۆكوژدا گه‌ڕا، به‌ڵام هیچی نه‌دۆزییه‌وه. كێ به‌ئه‌مه‌ریكای وتبوو كه سه‌دام چه‌كی كۆكوژی هه‌یه؟ كێ ئه‌مه‌ریكای خه‌ڵه‌تاند بۆئه‌وه‌ی هێرش بكاته سه‌ر عێراق؟ كێ توانی قه‌ناعه‌ت به‌سه‌رۆك بووش بكات كه سه‌دام سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ ئه‌مه‌ریكا؟ ئه‌و كه‌سه، جگه له ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی كه‌سی دیكه نییه.
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی كێیه؟
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، یه‌كێكبوو له‌دیارترین ركابه‌ره عێراقییه‌كان كه له‌ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا له‌عێراق هه‌ڵهاتبوو‌و روویكردبووه وڵاتانی ئه‌وروپا، له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كاندا گه‌ڕایه‌وه بۆ كوردستانی عێراق‌و هه‌وڵی ئه‌نجامدانی كوده‌تای دا به‌سه‌ر سه‌دامدا، به‌ڵام شكستی هێنا‌و هیچی به‌هیچ نه‌كرد. چه‌له‌بی سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقه، له‌سه‌روبه‌ندی لێدانی سه‌دامدا، بووه جێسه‌رنجی وڵاتانی خۆرئاوا‌و وه‌ك جێگره‌وه‌ی سه‌دام ته‌ماشایان ده‌كرد.
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، له‌ساڵی 1945دا له‌خێزانێكی شیعه‌مه‌زهه‌بی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌دایكبووه، خێزانه‌كه‌یان له‌كه‌رتی بانكدا كاریان كردووه، له‌ساڵی 1956دا عێراقی به‌جێهێشتووه‌و زۆربه‌ی ژیانی له‌ئه‌مه‌ریكا‌و به‌ریتانیا به‌سه‌ربردووه. له‌ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كاندا هاته‌وه بۆ كوردستان‌و هه‌وڵیدا ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی له‌ناوچه كوردییه‌كاندا دژ به‌رژێمی سه‌دام ئه‌نجامبدات. به‌ڵام كه نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت، رۆیشته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق.
كه‌سایه‌تی سیاسیی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی جێی پرسیار‌و ته‌مومژاوییه، ئه‌و له‌سه‌ره‌تاوه خه‌ریكی كاری بانكداریی بوو، له‌ساڵی 1977دا له‌ئه‌رده‌ن بانكی "به‌ترا"ی دامه‌زراند، دواتر ئه‌و بانكه هه‌ره‌سی هێنا‌و له‌ساڵی 1989دا ئیفلاسی كرد‌و زیانی زیاتر له300ملیۆن دۆلاری له‌حكومه‌تی ئه‌رده‌ن دا، چه‌له‌بی تۆمه‌تباركرا به‌وه‌ی كه پاره‌ی دزیوه‌و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی هه‌ره‌سی ئه‌و بانكه. به‌نهێنی ئه‌رده‌نی جێهێشت‌و گه‌یشته له‌نده‌ن، دادگای سه‌ربازیی ئه‌رده‌ن له‌ساڵی 1992دا به‌غیابی، حوكمی 22ساڵ زیندانی به‌سه‌رداسه‌پاند.
چه‌له‌بی، خاوه‌نی بیرۆكه‌ی كوده‌تا له‌ساڵی 1995دا
له‌ساڵی 1991دا‌و دوای جه‌نگی كه‌نداو، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی ده‌كه‌وێته ناو سیاسه‌ته‌وه‌و كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی درووستكرد، ئه‌م رێكخراوه به‌شێك بوو له"ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق" كه رێكخراوێكی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوو‌و له‌لایه‌ن "سی ئای ئه‌ی"ه‌وه دامه‌زرێنرابوو‌و هه‌ر ئه‌ویش به‌بڕی 60ملیۆن دۆلار باربۆی ده‌كرد. هه‌ر ئه‌وكات گومانی ئه‌وه هه‌بوو كه به‌شێك له‌م بڕه‌پاره‌یه چووه‌ته گیرفانی چه‌له‌بی‌و هاوكاره‌كانییه‌وه.
چه‌له‌بی خۆی گه‌یانده ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا‌و په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ دیموكرات‌و كۆمارییه‌كاندا درووستكرد‌و وای له‌ئه‌مه‌ریكا‌و حكومه‌ته‌كه‌ی كلنتۆن گه‌یاند كه ده‌توانرێت سوود له‌ناوچه كوردنشینه‌كانی باكوور وه‌ربگیرێت بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی‌و كوده‌تا به‌سه‌ر رژێمی سه‌دام حسه‌یندا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته توانی بوودجه‌یه‌كی باش له‌ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌و خۆیشی گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌ولێر‌و له‌وێ باره‌گای رێكخراوه‌كه‌ی كرده‌وه.
ورده‌كاریی هه‌وڵه‌كه‌ی چه‌له‌بی بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا وه‌ك رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی رۆژی 16/5/2003 نووسیویه‌تی به‌وجۆره‌یه كه ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌راڵێكی سوپای عێراقی درووستده‌كات كه توركومانه‌و ناوی "محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا شه‌هوانی"یه. "سی ئای ئه‌ی" ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگریی خۆی ده‌نێرێت بۆ باكوری عێراق به‌ناوی "هۆب بائیر" بۆ رێكخستنی ئه‌ركه نهێنییه‌كان له‌كوردستانی عێراقدا. پێشتریش "ستیڤن رێخته‌ر" له‌لایه‌ن "سی ئای ئه‌ی"ه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كوده‌تایه دانراوه‌و ناوبراو له‌گه‌ڵ ژه‌نه‌راڵه عێراقییه‌كه‌دا كۆبووه‌ته‌وه.
ئه‌مه هه‌مووی پاشئه‌وه‌ی كه چه‌له‌بی ده‌چێته ئه‌مه‌ریكا‌و له‌گه‌ڵ 37كه‌سایه‌تی سیاسیی جۆراوجۆری ده‌زگا په‌یوه‌ندییداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆده‌بێته‌وه‌و "هه‌ڵیانده‌خه‌ڵه‌تێنێت" كه ده‌توانن سه‌دام بڕووخێنن.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، وه‌فدێكی كۆنگرێس، به‌هاوڕێیه‌تی وه‌فدێكی "سی ئای ئه‌ی"، دێنه كوردستان. چه‌له‌بی له‌چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌ی قه‌به‌سی كوه‌یتییدا ده‌ڵێت "وه‌فده‌كه‌ی كۆنگرێس له‌گه‌ڵ مندا‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كانی دیكه‌دا كۆبوونه‌وه". ئه‌وان داواده‌كه‌ن بچنه مه‌یدانی ئاماده‌كارییه‌كانی جه‌نگ، ئه‌مان ده‌یانبه‌نه ناوچه‌ی "كه‌ڵه‌ك" كه سنووری نێوان كوردستان‌و حكومه‌تی عێراق بوو.
چه‌له‌بی، خۆی‌و چه‌كداره‌كانی ده‌چنه ناو ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام‌و به‌ویستی خۆیان ده‌گه‌ڕێن‌و له‌ناو دانیشتووانی ناوچه‌كه‌دا چا ده‌خۆنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌وته‌ی چه‌له‌بی خۆی، "په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ فیرقه‌ی 38ی سوپای عێراقدا هه‌بووه كه ئه‌و ناوچه سنوورییه‌ی پێسپێرراوه". ئه‌مه هه‌مووی له‌به‌رچاوی ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا ده‌كه‌ن تا بتوانن قه‌ناعه‌تیان پێبكه‌ن كه له‌ناو سوپای عێراقدا كه‌سیان هه‌یه‌و ده‌توانن كوده‌تا بكه‌ن.
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بییش كه‌یه‌كێكه له‌ئه‌ندامانی ئه‌و تیمه‌ی خه‌ریكی رێكخستنی ئه‌رك‌و كاره نهێنییه‌كانن، په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری سوپای عێراقیدا درووستده‌كه‌ن.
رۆڵی كورد له‌ئۆپه‌راسیۆنه سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌دا
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا باس له‌وه ده‌كات كه وه‌فده‌كه‌ی "سی ئای ئه‌ی" له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌و به‌جیا چوونه‌ته لای مه‌سعود بارزانی‌و جه‌لال تاڵه‌بانی.
چه‌له‌بی ده‌ڵێت "وه‌فده‌كه پێیانوتن ده‌مانه‌وێت كار بكه‌ین بۆ رووخانی رژێمی سه‌دام‌و ئاره‌زووی هاوكارییمان هه‌یه له‌گه‌ڵتاندا‌و له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ی نیشتمانی (حیزبه‌كه‌ی چه‌له‌بی)، بۆ كاركردن بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه".
له13/9/1994دا وه‌فده‌كه له‌ماڵی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ بارزانی‌و تاڵه‌بانییدا ده‌كه‌ن‌و داوا له‌چه‌له‌بی ده‌كه‌ن نه‌خشه‌یه‌ك بۆ ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیی ئاماده‌بكات به‌مه‌به‌ستی رووخانی سه‌دام. "نه‌خه‌شه‌یه‌كم ئاماده‌كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری مووسڵ".
له‌باره‌ی رۆڵی مه‌سعود بارزانی‌و جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه هه‌ردوولایان وتوویانه ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا پشتگیریی بكات، ئێمه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ئه‌نجامده‌ده‌ین، به‌ڵام بارزانی گومانی هه‌بوو له‌ئه‌مه‌ریكییه‌كان، زیاتر له‌تاڵه‌بانی. تاڵه‌بانی زیاتر ته‌فاعولی هه‌بوو. ئه‌مه‌ش وه‌ك چه‌له‌بی ئاماژه‌ی بۆده‌كات "له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌سعود خیبره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا هه‌بوو، ئه‌مه‌ریكییه‌كان خیانه‌تیان له‌باوكی كرد له‌ساڵی 1975دا".
له‌م سه‌روبه‌نده‌دا، سوپای عێراق لیوایه‌كی زرێپۆش له‌نزیك سنووری كوه‌یت كۆده‌كاته‌وه‌و ئه‌حمه‌د چه‌له‌بییش له‌ڕێی سه‌رچاوه‌كانیه‌وه به‌مكاره ده‌زانێت، به‌په‌له ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاگادارده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان باوه‌ڕی پێناكه‌ن، تا دواتر بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت قسه‌كانی چه‌له‌بی راستن‌و لیوایه‌كی عێراق ته‌نها 30كیلۆمه‌تر له‌سنووری كوه‌یته‌وه دوورن‌و ده‌توانن له‌ماوه‌ی 12كاتژمێردا بچووڵێن به‌ره‌و كوه‌یت. ئه‌مه، ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی باڵانسی چه‌له‌بی لای ئیداره‌ی كلنتۆن.
شه‌ڕی ناوخۆ‌و سه‌ره‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه
له‌مانگی 12ی 1994دا شه‌ڕی نێوان كورده‌كان ده‌ستپێده‌كات، ئێرانییه‌كان په‌یوه‌ندیی به‌لایه‌نه كوردییه‌كانه‌وه ده‌كه‌ن‌و بڕیاری ناردنی وه‌فدێك ده‌ده‌ن بۆ ناوبژیی، چه‌له‌بییش هه‌وڵده‌دات ئه‌مه‌ریكییه‌كان بێنه‌ناوه‌وه‌و ناوبژیی كورده‌كان بكه‌ن. چه‌له‌بی په‌یوه‌ندیی به‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه ده‌كات‌و داوا له"د‌یڤید لیت" به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی باكووری كه‌نداو له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌كات كه سه‌ردانی ناوچه‌كه بكات، ئه‌ویش به‌چه‌له‌بی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بتوانیت شه‌ڕ رابگریت له‌نێوانیاندا، منیش دێمه ئه‌وێ.
چه‌له‌بی له‌وباره‌وه ده‌ڵێت "چووم بۆ لای مه‌سعود‌و جه‌لال، كاغه‌زێكی ده‌ستخه‌تی خۆیانم لێوه‌رگرتن به‌وه‌ی كه سه‌رپشك بم بۆ راگه‌یاندنی شه‌رڕاگرتن‌و ده‌ركردنی فه‌رمان بۆ یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی هه‌ردوولا تا شه‌ڕ رابگرن". له‌مانگی كانوونی دووه‌می 1995دا د‌یڤید لیت ده‌گاته ناوچه‌كه‌و نه‌خشه‌یه‌ك بۆ وه‌ستانی شه‌ڕ داده‌ڕێژن كه ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتی ده‌كات. ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی پلانه ئه‌سڵییه‌كه‌یان، كه ئه‌نجامدانی پۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییه دژ به‌رژێم، شكست نه‌هێنێت.
پاشتر ئێرانییه‌كان دێنه ناو پلانه‌كه‌وه، ئێران كاتێك به‌نه‌خشه ئه‌مه‌ریكییه‌كه ده‌زانێت كه بۆ رووخانی سه‌دام له‌باكوور‌و باشووری عێراق له‌ئارادایه، (به‌تایبه‌تی كه‌له‌و كاته‌دا فه‌یله‌قی به‌دری ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی، په‌لاماری فیرقه‌یه‌كی سوپای عێراقی داوه له‌شاری عه‌ماره‌و ته‌فروتونای كردوون)، هه‌موو هێزه سه‌ربازییه‌كانی خۆی ده‌خاته ئاماده‌باشییه‌وه، ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه ده‌زانن ئێران به‌نه‌خشه‌كه‌ی زانیوه، بێزاریی خۆیان ده‌رده‌بڕن.
چه‌له‌بی له‌باره‌ی كورده‌وه دووباره‌ی ده‌كاته‌وه كه تاڵه‌بانی ئاماده‌یی تێدابوو بۆ كاره‌كه، هه‌ندێك له‌كورده‌كان ده‌یانوت وه‌زعمان باشه‌و پێویست ناكات بیشێوێنین، هه‌ندێكی دیكه ده‌یانوت ئه‌م وه‌زعه شتێكی ناجێگیره‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ده‌ست له‌پاراستنی هه‌رێمه‌كه هه‌ڵگرێت، سه‌دام دێته‌وه بۆمان. به‌ڵام له‌كۆتاییدا چه‌له‌بی له‌گه‌ڵ كورددا رێكده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌كان بۆ رووخانی سه‌دام ته‌رخان بكه‌ن.
له‌مانگی ئازاردا، 4/3/1995، تیمه‌كه له‌وه‌دان ده‌ستبكه‌ن به‌جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌ی كوده‌تاكه، له‌كاتژمێر ده‌ی به‌یانی، ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌گه‌نه‌لایان‌و یه‌كێكیان كاغه‌زێك ده‌رده‌هێنێت كه سێ خاڵی تێدانووسراوه، به‌ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی ده‌ڵێن خاڵی یه‌كه‌م‌و دووه‌م بۆ مه‌سعود‌و جه‌لاله‌و خاڵی سێهه‌میش بۆ خۆته.
ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌دوو خاڵی یه‌كه‌مدا به‌بارزانی‌و تاڵه‌بانی ده‌ڵێن ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ی كه نه‌خشه‌ی بۆ ده‌كێشن‌و به‌نیازی ئه‌نجامدانیین، ئاشكراكراوه‌و به‌نهێنی نه‌ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر بڕیارتانداوه به‌رده‌وامیش بن له‌سه‌ری، ئه‌وه خۆتان وه‌ك عێراقی، لێیبه‌رپرسن.
به‌چه‌له‌بییش ده‌ڵێن خاڵی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مه‌ریكا‌و ئێران یه‌ك خاڵه‌و ئه‌ویش له‌باكووری عێراقدا نییه، واته هه‌وڵمه‌ده په‌یوه‌ندیی له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا‌و ئێران‌دا درووستبكه‌یت.
بارزانی به‌شداریی ناكات‌و تاڵه‌بانی رازییه
چه‌له‌بی وه‌ك خۆی له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی قه‌به‌سدا ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كاته‌ده‌ره‌وه‌و له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی خۆیان هه‌وڵی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ده‌ده‌ن به‌وه‌ی كه ده‌ستبكه‌ن به‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سوپای عێراقیدا. به‌ڵام مه‌سعود بارزانی به‌مه رازینابێت‌و به‌شداریی ناكات، جه‌لال تاڵه‌بانی ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕێت‌و له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی تاڵه‌بانییه‌وه ئۆپه‌راسیۆن ده‌ستپێده‌كات.
مه‌سعود بارزانی 48كاتژمێر پێش ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، ناوچه‌كه جێدێڵێت‌و ده‌چێت بۆ زاخۆ، پارتی ده‌ڵێت ماده‌م ئه‌مه‌ریكا پشتگیریی پرۆسه‌كه ناكات، ئه‌وانیش جووڵه‌ناكه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مۆڵه‌تی ده رۆژ شه‌ڕوه‌ستانیان پێده‌ده‌ن (شه‌ڕی ناوخۆ). به‌ڵام تاڵه‌بانی، كه كاغه‌زی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی پێگه‌یشتووه، ته‌له‌فۆن بۆ چه‌له‌بی ده‌كات‌و پێیده‌ڵێت "تۆ ڕات چییه؟"، ئه‌ویش پێیده‌ڵێت "ئه‌مه نیشتمانی ئێمه‌یه، یان نیشتمانی ئه‌وان: ئه‌مه‌ریكییه‌كان؟" تاڵه‌بانی ده‌ڵێت یه‌عنی بڕۆین؟ چه‌له‌بی وه‌ڵامی ده‌داته‌وه "من له‌پێشته‌وه‌م". تاڵه‌بانی ده‌ڵێت "بارك الله فیك، بابڕۆین".
دواتر شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كات، فیرقه‌ی 38ی سوپای عێراق به‌ته‌واویی له‌ناوده‌برێت، ده‌گه‌نه گوێر‌و دیبه‌گه، سه‌ربازه‌كان ته‌سلیم ده‌بن، به‌پێی وته‌ی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، پاڵه‌وانی ئه‌م داستانه سه‌ربازییه، كۆسره‌ت ره‌سوڵه كه فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانه.
هه‌ر له‌وكاته‌دایه كه وه‌فیق سامه‌ڕائییش كه‌له‌گه‌ڵ چه‌له‌بییدایه، كه ده‌بینێت مه‌سعود بارزانی به‌شداریی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ناكات، ئه‌ویش ناوچه‌كه جێده‌هێڵێت‌و ده‌چێت بۆ سووریا، به‌ڵام چه‌له‌بی داوای لێده‌كات بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌ویش دێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ چه‌له‌بی ده‌گه‌نه ناوچه‌ی "سه‌نگاو"ی نزیك كه‌ركووك. به‌مشێوه‌یه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه له4 ـ 26ی ئازار به‌رده‌وام ده‌بێت.
ده‌رباره‌ی وه‌ستانی شه‌ڕه‌كانیان له‌گه‌ڵ سوپای عێراقدا، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی باس له‌وه‌ده‌كات كه به‌هۆی سه‌رله‌نوێ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نێوان یه‌كێتی‌و پارتییدا، نه‌یانتوانیوه درێژه به‌شه‌ڕه‌كانیان دژ به‌سوپای عێراق بده‌ن، "له26/3دا هێزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشێكیان كرده سه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی، كاتێكیش ئه‌م هێرشه روویدا، كۆسره‌ت فه‌رمانده‌ی هێزی سه‌ربازیی ئێمه‌بوو، سه‌یری كرد نیوه‌ی هێزه‌كه‌ی سه‌رقاڵن، له‌رۆژی یه‌كه‌مدا توانی هێرشی پارتی بوه‌ستێنێت‌و پارتی پێشڕه‌ویی نه‌كات، پارتی زیانیان لێكه‌وت. به‌ڵام كۆسره‌ت هه‌ستی كرد كه ئه‌سته‌مه بتوانێت ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له‌چوارچێوه‌ی پلانه‌كه‌ی ئێمه‌دا ئه‌نجامبدات".
كه‌شه‌ڕه‌كان راده‌وه‌ستن، چه‌له‌بی تا مانگی ئایار له‌كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌و دواتر له‌سه‌ر داوای ئه‌مه‌ریكییه‌كان رووده‌كاته له‌نده‌ن.
هه‌وڵه‌كه‌ی چه‌له‌بی بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ولێكی دیكه‌ی ناوبراودا بۆ درووستكردنی رایه‌ڵه‌یه‌كی سه‌ربازیی له‌ناو سوپای عێراقدا كه خۆی له‌ژه‌نه‌راڵ شه‌هوانییدا ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام
سه‌دام پێشوه‌خت توانی به‌م نه‌خشه‌یه بزانێت‌و له‌ئه‌نجامدا 200ئه‌فسه‌ری عێراقی گرت‌و هه‌شتای لێ له‌سێداره‌دان، كه دوو كوڕی ژه‌نه‌راڵه توركومانه‌كه‌ی سوپای عێراقی تێدابوو كه هاوكاریی چه‌له‌بی كردبوو بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا.
ئه‌فسه‌رێكی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی به‌هۆكاری شكستی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه تۆمه‌تباركرد، چونكه هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی كردبوو كه بووبووه هۆی ئاشكرابوونی نهێنییه‌كانی كاره‌كه.
ئه‌مه وایكرد ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا چه‌له‌بی له‌خۆی دوورخاته‌وه.
چه‌له‌بی، ئه‌ندازیاری یاسای "رزگاریی عێراق"
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، وه‌ك بڵێیت خووی به‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مه‌ریكاوه گرتبێت، جارێكی دیكه خۆی خزانده‌وه باوه‌شی ئه‌مه‌ریكا. چه‌له‌بی، دوای ئه‌وه‌ی كه‌هه‌ستی كرد "سی ئای ئه‌ی" خۆی لێدوورده‌خاته‌وه، په‌یوه‌ندیی كرد به‌پارتی كۆماریی ئه‌مه‌ریكاوه، به‌تایبه‌تی باڵی پارێزگاره نوێیه‌كان كه دواتر رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌نه‌خشاندنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی سه‌رۆك بووشدا.
له‌ساڵی 1998دا توانی له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته‌ی له‌ناو كۆشكی سپییدا هه‌بوو بۆ جه‌نگی دژی عێراق، یاسای "رزگاریی عێراق" ده‌ربكه‌ن، كه به‌پێی ئه‌م بڕیاره "هه‌ر سه‌رۆكێك كه ده‌بێته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پابه‌ند ده‌بێت به‌ڕووخانی رژێمی سه‌دام حسه‌ینه‌وه".
به‌پێی ئه‌م یاسایه، نزیكه‌ی 100ملیۆن دۆلار ته‌رخانكرا بۆ له‌ناوبردنی سه‌دام‌و ئه‌و پاره‌یه‌ش درا به‌ئۆپۆزسیۆنی عێراق، به‌تایبه‌تی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراق كه چه‌له‌بی خۆی سه‌رۆكی بوو. هه‌ر ئه‌وكات چه‌له‌بی، وه‌ك یه‌كه‌م پاڵێوراو بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سه‌دام، ناوی هێنرا.
له‌ساڵی 2002دا‌و كاتێك مه‌سه‌له‌ی لێدانی عێراق هاته ناوناوانه‌وه، جارێكی دیكه چه‌له‌بی هاته‌وه سه‌ردێڕ‌و بووه‌وه به"كه‌واسووری به‌ر له‌شكر"ی ئۆپۆزسیۆن. هه‌ر له‌م سه‌روبه‌نده‌دا توانی به‌هاوكاریی ئه‌مه‌ریكا كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی به‌ناوی "الحریه" له‌له‌نده‌ن دابمه‌زرێنێت كه زۆر ته‌مه‌نی درێژ نه‌بوو.
چه‌له‌بی، ئه‌و پیاوه‌بوو كه ئه‌مه‌ریكای خه‌ڵه‌تاند‌و توانی هانی ئه‌مه‌ریكا بدات بۆ جه‌نگی دژ به‌عێراق، چه‌له‌بی توانی زانیاریی ناڕاست بداته ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی سه‌دام حسه‌ین‌و رژێمه‌كه‌ی. ئه‌و زانیارییانه‌ش به‌سوودبوون بۆئه‌وه‌ی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا قه‌ناعه‌ت پێ‌بێنن كه سه‌دام چه‌كی كۆكوژی هه‌یه‌و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مای زانیارییه‌ش بڕیاری داگیركردنی عێراق درا.
بووش‌و دیك چینی جێگری، كاره‌كانی چه‌له‌بییان به‌دڵ بوو، چه‌له‌بی لای ئه‌وان بووه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ‌و كاریگه‌ر له‌درووستكردنی بڕیاری لێدانی عێراقدا. چه‌له‌بی توانی ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سوپای عێراق هه‌ڵهاتبوون، بباته په‌نتاگۆن‌و "سی ئای ئه‌ی"و موخابه‌راتی به‌ریتانی‌و له‌وێ ئه‌و كه‌سانه شایه‌تیی ئه‌وه‌یاندا كه‌سه‌دام چه‌كی كۆكوژی هه‌یه‌و مه‌ترسییه بۆ سه‌ر جیهان، دواتر ده‌ركه‌وت هه‌موو ئه‌و شایه‌تییانه درۆ‌و هه‌ڵبه‌ستراوبوون، ئه‌م وتانه‌ی ئه‌وان دواتر بوونه بنه‌مایه‌ك بۆ ئه‌و مه‌له‌فه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پێشكه‌شی كرد‌و تیایدا داوایكرد یاسای لێدانی عێراق ده‌ربكرێت.
چه‌له‌بی، سێ درۆی بۆ ئه‌مه‌ریكا كرد كه به‌بنه‌ڕه‌تیی داده‌نرێن، ئه‌وانیش:
1ـ سه‌دام حسه‌ین هێشتا خه‌ریكی پلانه ئه‌تۆمییه‌كه‌یه‌تی.
2ـ سه‌دام په‌یوه‌ندیی به‌ئوسامه بنلادن‌و ئه‌بوموسعه‌ب زه‌رقاویی فه‌رمانده‌ی مه‌یدانیی ئوسامه‌وه هه‌یه.
3ـ رژێمی سه‌دام كارگه‌ی جوڵاوی هه‌یه بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی بایه‌لۆجی.
چه‌له‌بی، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌م وتانه‌ی پشتڕاستبكات‌و كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر رای گشتی، په‌یوه‌ندیی باشی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووسدا هه‌بوو كه توانیان ره‌واج به‌قسه‌كانی بده‌ن، له‌وانه‌ش كچه رۆژنامه‌نووسی نیویۆرك تایمز "جودێت میلله‌ر" كه به‌رده‌وام راپۆرتی له‌وباره‌وه له‌سه‌ر عێراق بڵاوده‌كرده‌وه.
به‌مجۆره، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، توانی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی بخه‌ڵه‌تێنێت.
چه‌له‌بی‌و ئه‌مه‌ریكا دوای جه‌نگ
دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگ‌و پشكنینی عێراق، ده‌ركه‌وت كه ئه‌و قسانه‌ی ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی هیچیان راست نیین. تیمه‌كانی پشكنین سه‌لماندیان كه سه‌دام هیچ چه‌كێكی كۆكوژی نه‌بووه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیش له‌نێوان سه‌دام‌و بنلادندا نه‌بووه.
چاودێران پێیانوایه چه‌له‌بی، پێشبینی ده‌كرد دوای رووخانی سه‌دام، بچێته جێی ئه‌و‌و ببێته سه‌رۆكی عێراق، له‌ئه‌نجوومه‌نی حوكمدا بووه ئه‌ندام‌و سه‌رۆكایه‌تی كرد، خاوه‌نی بیرۆكه‌ی بڕیاری "ریشه‌كێشكردنی به‌عسه". له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2005دا بووه جێگری سه‌رۆكوه‌زیری عێراق.
به‌ڵام ورده‌ورده ئه‌مه‌ریكا باوه‌ڕی به‌چه‌له‌بی نه‌ما‌و به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه بۆ تووڕه‌یی ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن له‌چه‌له‌بی كه به‌بۆچوونی ئه‌وان "خه‌ڵه‌تێنه‌ر"و ته‌ڵه‌كه‌بازه.
چه‌له‌بی، كه خۆی به‌گرنگتریین دۆستی ئه‌مه‌ریكا ده‌زانی له‌عێراقدا، پایه‌ی لای ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه‌مبوویه‌وه، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند نه‌خشه‌یه‌كی نهێنی ئه‌مه‌ریكای دزه‌پێكرد بۆ موخابه‌راتی ئێران، ئه‌مه بووه‌هۆی درووستبوونی ناكۆكی له‌نێوان ئه‌و‌و ئه‌مه‌ریكادا‌و به‌وه‌ش ئه‌و یارمه‌تییه‌ی ئه‌مه‌ریكای لێبڕڕا كه بریتی‌بوو له335هه‌زار دۆلار مانگانه. پۆلیسی عێراق‌و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی. راپۆرته ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن ئه‌م گۆڕانه‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی چه‌له‌بییه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و راپۆرته ناڕاستانه‌ی كه چه‌له‌بی ده‌رباره‌ی چه‌كی كۆكوژی عێراق ده‌یدایه ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا، كه بووه‌هۆی ئیحراجبوونی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌رده‌م رای گشتی وڵاته‌كه‌و جیهانیشدا